شێخ مەحمود حەفیدزادە: مەسعود بارزانی و لاهور شێخ جەنگی ئامادەن یەکتر ببینن

شێخ مەحمود حەفیدزادە، کە کەسایەتییەکی دیاری شاری سلێمانییە و نەوەی شێخ مەحمودی حەفیدە، دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی ڕاگەیاندووە و دەڵێت، “مەسعود بارزانی و لاهور شێخ جەنگی ئامادەن پێکەوە کۆببنەوە”.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا شێخ مەحمود حەفیدزادە ڕایگەیاند، “پەیامی هەردوو کەسایەتیی سیاسیی مەسعود بارزانی و لاهور شیخ جەنگیم بە هەردوولا گەیاندووە و هەردوولا ئامادەن بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکان هەنگاوی جدی هەڵبگرن”.

بە وتەی شێخ مەحمود، دەستپێشخەرییەکەی قۆناغی باشی بڕیوە و پەیامی هەردوو کەسایەتیی سیاسیی بەیەکدی گەیەندراوە و هەردوولا ئامادەن بۆ ڕەواندنەوەی ناکۆکییەکان کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شێخ مەحمود ئاماژەی بە ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، “سەرۆکی هەرێم ئاگاداری دەستپێشخەرییەکەی منە و هاوکاری باشی کردووم لەو پرسەدا، هاوکات ئەویش کارەکەی پێباشە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکاندا”.

شێخ مەحمود شێخ کاوەی حەفید، کەسایەتیی دیاری شاری سلێمانی لە فەیسبووكی خۆی لە ڕۆژی 7ی ئازار بڵاویكردووەتەوە، “دیداری بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی، لە درێژەی هەوڵەکانم بۆ ئاشتی و برایەتی و ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد، کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بەهیوای بەختەوەری بۆ گەلەکەمان و کوردستانە ئازیزەکەمان”.

پاش چوار ڕۆژ، 10ی ئازار، شێخ مەحمود لە هەمان هەژماری خۆی وێنەی خۆی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی بڵاوكردووەتەوە و نوسیویەتی، “كۆبوونەوەیەکی برایانە و دۆستانە لەگەڵ بەڕێز جەنابی شێخ لاهور، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان،

گفتوگۆمان کرد لەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و یەکڕیزیی نیشتمانی و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان کە لەئێستادا بەهۆی ناتەبایی و ناکۆکییەوە هەڕەشەی گەورە لەسەر دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان دروست بووە”.

ئەوەشی نوسیوە، “هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە سەرکەوتنی گەلەکەمان بەندە بە یەکڕیزی و تەبایی و هاوهەڵویستیی گەل و هێز و لایەنە سیاسییەکانەوە، کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتووبوو هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاشتی و برایەتی و خۆشگوزەرانی و شادومانی بگەڕێتەوە بۆ نیشتیمانە زامدارەکەمان”.

بابەتی پێشتر

خۆپیشاندانی بەرفراوان دەستیپێكرد

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح جەخت لە گفتوگۆی هەرێم و بەغداد دەکەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share