حکومەتی هەرێمی کوردستان: حکومەتی عێراق سزای دارایی بەکۆمەڵی فەرمانبەرانی کوردستان دەدات

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق بە چەسپاندنی میکانیزمی “خەرجیی فیعلی” لەبری “تەرخانکردنی پەسەندکراو”، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستووەتەوە بە ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور. ئەمەش سزایەکی دارایی بەکۆمەڵە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی فیدراڵیی عێراق، لە رێگەی فراوانکردنی بێ پێشینەی “خەرجییە سیادییەکان” و جێبەجێکردنی میکانیزمی “خەرجیی فیعلی”، شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی لە مافێکی جێگیرەوە بۆ تەنها ژمارەیەک لەسەر کاغەز گۆڕیوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، خەرجییە سیادییەکان کە لە ساڵی 2005ـدا تەنیا لە چوارچێوەی (سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری) کورت دەبووەوە، لە بودجەی ساڵانی (2023-2025)ـدا زیادکراون و گەیشتوونەتە نزیکەی 47.4 تریلیۆن دیناری ساڵانە. ئەم گەورەبوونە لە رێگەی تێهەڵکێشکردنی چەندین بڕگەی قەبە وەک (تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، بودجەی حەشدی شەعبی و قەرزەکان) بووە لەژێر ناوی “سیادی”، تەنیا بۆ ئەوەی پێشوەختە و پێش گەیشتنی پارە بە هەرێمی کوردستان، لە پشکەکەی ببڕدرێت. بەهۆی ئەم سیاسەتە، هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی 8.7 تریلیۆن دینار لە پشکی خۆی، بەشدارە لە دابینکردنی ئەو خەرجییانەدا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، لە دۆسیەی قەرزە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا، ستەمێکی دارایی ئاشکرا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت. لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پابەندکراوە بە دانەوەی 1.6 ترلیۆن دینار ساڵانە وەک پشکی خۆی لە دانەوەی قەرزە سیادییەکانی عێراق، بەڵام لە بەرامبەردا، تەنیا 62.4 ملیار دینار لەو قەرزانە وەک پشک وەردەگرێت. بەمەش هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هەر یەک دۆلار کە وەک قەرز وەریدەگرێت، بڕی 26 دۆلار بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە دەدات کە حکومەتی فیدراڵ لە ناوچەکانی دیکەی عێراق خەرجیکردوون.

دەشڵێت، “حکومەتی فیدراڵ بە چەسپاندنی میکانیزمی “خەرجیی فیعلی” لەبری “تەرخانکردنی پەسەندکراو”، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بەستووەتەوە بە ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور. ئەمە سزایەکی دارایی بەکۆمەڵە، چونکە بەپێی ماددەی (121/سێیەم)ـی دەستوور، پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر بنەمای “پێداویستی” و “رێژەی دانیشتووان” بێت، نەک لەسەر بنەمای ئەوەی وەزارەتەکانی بەغداد چەند پارە خەرجدەکەن. ئەم رێکارە وایکردووە هەر کاتێک پڕۆژەیەک لە شارەکانی دیکەی عێراق پەک بکەوێت، پشکی هەرێمی کوردستانیش بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کەمبێتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پێشەوا هەورامانی: دواکەوتنی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە ستەمە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، “دواکەوتنی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە ستەمە”. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم…
Total
0
Share