مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: رۆژی 9-2-2004 مێژووییەكی پرشنگدارە لە خەباتی بێوچانی سەرۆک مام جەلال

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە یادی رۆژی مورافەعە مەزنەكەی سەرۆک مام جەلالدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکە:

ئەمڕۆ (9-2) بە سەربەرزییەوە یادی ئەو رۆژە دەكەینەوە كە سەرۆک مام جەلال بە نەخشە و بەڵگەی مێژووییەوە، كوردستانیبوونی كەركوكی سەلماندەوە.

لەو رۆژەی ساڵی 2004ـدا سەرۆک مام جەلال، لە پاڵ هەڵگرتنی هەموو خەمە نیشتمانیی و نەتەوەییەكانی گەلەكەیدا، خەمی دیاریكردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە بوو، كە بەر پەلامارەكانی تەعریب و راگواستن كەوتبوون، بۆ سەندنەوەی مافی خاوەنە رەسەنەكانی ئەو ناوچانە و دیاریکردنی سنووری هەرێمی کوردستان لە ناو عێراقیکی فیدراڵدا، دەیویست بە بەڵگەی جوگرافی و مێژوویی، مۆركێكی قانونییان پێببەخشێت.

ئەوەی سەرۆک مام جەلال لەو رۆژەدا ئەنجامیدا، بووە بەردی بناغەی ماددەی 58ـی قانونی ئیدارەی دەوڵەت و دواتریش ماددەی 140ـی دەستوور كە تایبەتبوو بە نەخشەڕێی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانەی رژێمی شۆڤێنیی بەعس بۆ شێواندنی دیمۆگرافیا لە كەركوک و چەند ناوچەیەكی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش، گرتبوویەبەر.

رۆژی 9-2-2004، بووە مێژوویەكی پرشنگدار لە خەباتی بێوچانی سەرۆک مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و گەلەکەمان، كە بۆ چارەسەری گشت كێشەیەكی خاوەندارێتیی خاک و مافەکانی گەلی كورد، هەمیشە بژاردەی گفتوگۆ و پێسەلماندنی دروستی دوور لە شەڕ، پەنابردنە بۆ زمانی لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ و پشتبەستنە بە سەرچاوە و بەڵگەنامە مێژووییەكان.

یادی سەرۆک مام جەلال بەرز و درەوشاوەبێت و خەباتی سەربەرزی گەلەکەشمان بۆ مافە دەستوورییەکانی بەپێی نەخشەڕێی ماددەی 140ـی دەستوور، تا سەرکەوتنی یەکجاری، درێژەی دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی كۆڕەك تیلیكۆم راگیرا

كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم رایدەگەیەنێت، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی كۆمپانیاكەیانیان راگرتووە. كۆمپانیاكە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، دەستەی راگەیاندن…
Total
0
Share