پێشڕەو مەلاوەیسی، رایدەگەینێت، زۆرجار، بینیوومانە و بیستوومانە كە ئەو میدیایانەی لە سنووری دەسەڵاتی یەكێتی كاردەكەن، دەستیان بۆ هێما و سیمبولەکانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بردووە و رێگەشیان پێدراوە كاربكەن، بەڵام یەکێتی هەمیشە لەگەڵ هێنانەدی ئازادیدا بووە.
پێشڕەو مەلاوەیسی، رۆژنامەنووس و میدیاکار نووسیویەتی، ساڵانێكە لە ناوجەرگەی دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چەندین میدیا، سایت و پەیج رۆژانە كارە میدیایی و رۆژنامەوانییەكانیان دەكەن، كەس رێگری لێنەكردن، لە ناوهەناوی یەكێتی دەپارێزران، ئەوەش لەو كاتانەدا بوو كە رۆژانە چەندین راپۆرت و هەواڵی دژ بە یەكێتییان بڵاودەكردەوە، بگرە هەندێکجار هەموو سنورەكانیشیان دەبەزاند، بەڵام یەكێتی نەک داینەخستن، بگرە دەیپاراستن، بە بڕوای من هۆکاری ئەوەش ئەو بنەما هزرییەی سەرۆک مام جەلال بووە كە فێری یەكێتی و یەكێتییەكانی كردووە تا ئازادی، رەخنە و رەخنە لە خۆگرتن نەبێت پێشكەوتن و بەرەوپێشچوونی حكومڕانی و بونیادنانی حكومەت و كۆمەڵگەیەكی هۆشیار بوونی نابێت، بۆیە دەڵێم ئافەرین بۆ یەكێتی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرجار، بینیوومانە و بیستوومانە كە ئەو میدیایانەی لە سنووری دەسەڵاتی یەكێتی كاردەكەن، دەستیان بۆ هێما و سیمبولەکانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بردووە و رێگەشیان پێدراوە كاربكەن، كە یەكێتی دەیتوانی دایانبخات و رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر، بەڵام نەیكرد، بۆچی؟ چونكە حزبێک لەپێناوی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، هەروەها هێنانەدی ئازادی، سەربەستی تاک و رزگاریی نەتەوەیی سیاسەت بكات و لەو پێناوەشدا دامەزرابێت، لە رەخنەی میدیای ناوخۆیی ناترسێت، بگرە سوود لە رەخنە و توانجە بونیادنەرەكانی وەردەگرێت، كە لە رابردووی یەكێتییمان بینیوە، ئەگەر سنوری ئازادیی و ئیتیكی رۆژنامەوانییان بەزاندبێت رێگەی یاسایی گرتووەتەبەر، نەک داخستن و قەدەغەكردنی كار لە میدیا.
لە کۆتایشدا نووسیویشیەتی، بۆیە من وەک رۆژنامەنووسێک لەوپەڕی ئازادیی خۆمدا دەڵێم، ئافەرین بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، کە توانیویەتی بوارێکی ئازاد بۆ میدیا و سیاسەتی نەیارە سیاسییەكانی دەستەبەربكات.