بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان لەنێوان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت، لە زۆربەی کاتەکاندا لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی باکووری هەرێمی کوردستان نمەباران دەبێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور بەفرێکی کەم دەبارێت، پاشان لە درەنگانی شەودا کاریگەری دابارین زیاددەکات، لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت.
ئەوەشی خستەڕوو، سبەی سێشەممە، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت، لەگەڵ بوونی هەورەبرووسکە، رێژەی دابارینەکە زیاتر لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و پارێزگای سلێمانی دەبێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکوور بەفرێکی کەم دەبارێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوامدەبێت.