ئەندامێکی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت زۆر بە سستی دەچێتە پێشەوە، بۆیە ئەمساڵ عێراق یاسای بودجەی نابێت.
شیروان میرزا، ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، کۆی شارەزایانی ئابوری و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر ئەوە کۆکن کە عێراق جارێکی دیکە کار بە شێوازی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵ ناکات، لەمەودوا یاسای بودجە تەنیا بۆ یەک ساڵ دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری ئەم بڕیارە ئەوەیە کە عێراق لە رووی ئابورییەوە وڵاتێکی جێگیر نییە، کۆی ئابوریی عێراق پەیوەستە بە نەوتەوە، نرخی نەوت لە یاسا سێ ساڵییەکەدا بە 70 دۆلار جێگرکرابوو، بەڵام لە ساڵی 2025 نرخی نەوت لە خوار 70 دۆلارەوە بووە، ئەمەش بووەتە هۆی کورتهێنان لە داهاتی عێراقدا.
وتیشی، بە بۆچوونی من، ئەمساڵ عێراق یاسای بودجەی نابێت، چونکە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت زۆر بە سستی دەچێتە پێشەوە، تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆش حکومەت پێکبهێندرێت، چەندین مانگی پێدەچێت تاوەکو وەزارەتی دارایی یاسای بودجە رێکدەخات.