ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت، کێشانی ئاڵای کوردستان مافێکی سەرەتایی و رەوای هەموو خوێندکارێکە.
پەروین فاتیح جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوک رایگەیاند، بەداخەوە هەواڵی دەرکردن و بێبەشکردنی خوێندکارێکی پۆلی یەکی بنەڕەتی لە خوێندنگەی أجيال النصر، لە شاری کەرکوک پێگەیشت، تەنیا لەبەرئەوەی لە تاقیکردنەوەی وانەی هونەردا وێنەی ئاڵای پیرۆزی کوردستانی کێشاوە، ئەم کارە نایاسایی و نادادپەروەرانەیە، بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵ نییە.
وتیشی، کێشانی ئاڵای کوردستان، کە هێمای نەتەوەیی و یاسایی هەرێمی کوردستانە، مافێکی سەرەتایی و رەوای هەر خوێندکارێکە، سزادانی خوێندکار لەسەر کێشانی ئاڵای کوردستان هێڵی سوورە.
ئەوەشی خستەڕوو، پاش بەدواداچوونی بەپەلە، چەند بڕیارێکی گرنگ دران:
– پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر کارگێڕی و مامۆستای پەیوەندیداری خوێندنگەکە، سزادانی هەرکەسێک کە لەم پێشێلکارییەدا بەشداربووە.
– گەڕاندنەوەی مافی خوێندکارەکە و رێگەدان بەوەی هەر تاقیکردنەوەیەکی لەدەستچووە، لە خولی دووەمدا ئەنجامیبداتەوە.
– چاودێریی وردی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە دەکەین، دڵنیایی دەدەینە هەموو لایەک کە رێگە نادەین مافی هیچ خوێندکارێک پێشێل بکرێت، پەروەردە دەبێت پرۆسەیەکی ئازاد و دوور لە دەمارگیریی سیاسی بێت