وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، لەبارەی دابەشکردنی نەوت زانیاریی نوێ دەخاتەڕوو.
سەلام عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل نەوت لە بەغدادەوە گەیشتووەتە سلێمانی.
پەیوەست بە وادەی دابەشکردنەکەی وتی، چاوەڕوان دەکەین ئەو بڕە نەوتە بگاتە نزیکەی ملیۆنێک لیتر بۆ ئەوەی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشیبکەین.
وتیشی، “بەگوێرەی رێککەوتنەکە ئەو نەوتەی بەغداد دەبێت رۆژانە بگاتە سلێمانی و 100 لیتر بە 31 هەزار دینار بە هاوڵاتییان دەدرێت، پرۆسەکە زۆرینەی خێزانەکانی سلێمانی دەگرێتەوە”.