شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەفربارینێکی چڕ دەستپێدەکات و بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان سپیپۆش دەبێت.
هەڤاڵ سدیق، شارەزای بواری کەشناسی ئاشکرایکرد، سات بە سات لە کاریگەری ئەو شەپۆلە چڕەی بەفربارین نزیکدەبینەوە کە بەرەو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە جوڵەکردندایە، هەوری چڕی بەفر و بارانی مامناوەند هاتووەتە تەواوی ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان، پارێزگای ئەنبار، هەروەها لە بەشێکی زۆری رۆژئاوای کوردستان بەفرباریوە.
وتیشی، لە چەند کاتژمێری داهاتوو بەفر و باران دەگاتە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، پێشبینیدەکەین دەرەنگانی ئەمشەو تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی هەینی زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تارای سپی بەفر بپۆشێت.
ئاشکراشیکرد، تەنانەت بەفربارینەکە ناوچەکانی پارێزگای تکریت، دیالە و بیابانەکانی ئەنبار و هەندێک لە ناوچەکانی باکووری بەغدادیش دەگرێتەوە.