شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی بەفربارین بەڕێوەیە کە تەنانەت لە بیابانەکانی ئەنباریش بەفر دەبارێت.
هەڤاڵ سدیق، شارەزای بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە درەنگانی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، بەهۆی کاریگەریی هاتنی بارستەهەوایەکی سارد لە سیبیریاوە، شەپۆلێکی دیکەی بەهێزی سەرما و بەفربارین روومان تێدەکات، کە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، دەشتی نەینەوا، بیابانەکانی ئەنبار، بەشێک لەناوچەکانی تکریت و دیالە سپیپۆش دەکات، تەنانەت بەفربارینەکە بەشێکی زۆری ناوچە دەشتەییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
دەشڵێت، بڕی بەفربارینەکە بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت، لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بەفربارینی مامناوەند بۆ چڕ هەیە، لە ناوچە دەشتایی و نزمەکان بڕی بەفربارینەکە کەمتر دەبێت، ئەگەر شەپۆلەکە جێگیرببێت و لە 48 کاتژمێری داهاتوو گۆڕانکاری روونەدات نزیکەی %80ی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەفربارین دەیانگرێتەوە .