لە سلێمانی بۆ رێگریکردن لە تای خوێنبەربوون رێکارەکان توندتر دەکرێن

لە شاری سلێمانی، بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، رێکارەکانی خۆپارێزی توندتر دەکرێن، ئەمە دوای ئەوەی نەخۆشییەکە لە پارێزگاکانی عێراق ژمارەیەکی زۆری لێ تۆمارکراوە و ژمارەیەک حاڵەتیش لە هەولێر هەن.

فریاد عوسمان نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری لەلیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لەسەرهەڵدان و مەترسییەکانی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربوون، لیژنەکان چاودێریکردنی دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن چڕ دەکەنەوە و هەر شوێنێک گۆشتی بێمۆری هەبێت دادەخرێت رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.

وتیشی، بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، هەتا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی تۆمارنەکراوە، بۆیە لیژنە هاوبەشەکانیش هەموو رێکارەکان دەگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی.

ئەو نوێنەرەی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی سلێمانی داوایەکی ئاراستەی هاوڵاتییانی شاری سلێمانی کردووە و دەڵێت، “لەپێناو پاراستنی تەندروستیی خۆتان و خێزانەکانتان، لەماڵەکانی خۆتان ئاژەڵ سەرمەبڕن و گۆشتێک مەخۆن لەلایەن سەربڕخانەوە مۆرنەکرابێت هەروەها لەسەر شەقامەکان گۆشتی بێمۆر مەکڕن، با زیان بە تەندروستیتان نەگەیەنێت”.

داواش دەکات، هاوڵاتییان بە وریاییەکی زیاترەوە گۆشت بکڕن، لەهەر دوکانێکی گۆشتفرۆشتن یان لەسەر شەقامەکان گۆشتی بێمۆرتان بینی قائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان ئاگاداربکەنەوە بۆئەوەی بەهەموومانەوە لەخەمی تەندوستیی گشتیدابین.

بابەتی پێشتر

پلاندانانی عێراق: سەرژمێریی دانیشتووان لە 2024دا دەکرێت

بابەتی دواتر

کێشی ئەندامەکانی جەستەت بزانە.. قورسترین ئەندام کامەیە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share