راپۆرتێک ئاشکرایدەکات کە ساڵی رابردوو سێیەم گەرمترین ساڵی مێژوو بووە.
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی بەرنامەی کۆپەرنیکۆسی ئەوروپی بۆ چاودێریی کەشوهەوا، ساڵی 2025 وەک سێیەم گەرمترین ساڵ لە مێژوودا دەستنیشانکرا کە تێکڕای پلەی گەرمی لەو ساڵەدا 1.5 پلە لە سەرووی تێکڕای ئاسایی ساڵانی رابردوو بووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، عێراق کەشوهەوایەکی گەرمی هەبووە و پلەی گەرمی کەمێک لە سەرووی تێکڕای ئاسایی بووە بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان).
هەروەها روسیا و باکووری ئەوروپا زۆرترین کاریگەریی ئەم شەپۆلە گەرمییەیان لەسەر بووە، بە جۆرێک کە تێکڕای گەرمی لەو ناوچانەدا لە “زۆر گەرم”ـەوە گۆڕاوە بۆ “کوڵێنەر”.
نەخشە بڵاوکراوەکان دەریدەخەن کە چۆن گۆڕانی کەشوهەوا لە ساڵی 2025دا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی پلەی گەرمی لە زۆربەی کیشوەرەکاندا.