پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگ کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە پێشنیازکرا، لەلایەن نوێنەرانی میسر و قەتەرەوە رادەستی بزووتنەوەی حەماس کرا.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیرانی قەتەر و بەرپرسی هەواڵگریی میسر رەشنووسی پلانەکەی ترەمپیان رادەستی حەماس کردووە.
ئاشکراشیکرد، نوێنەرانی حەماس رایانگەیاندووە، بە نیازپاکییەوە پلانەکە تاووتوێدەکەن و وەڵامی خۆیان دەدەنەوە، “بێ هیچ ئاماژەکردنێک بە وادەی وەڵامدانەوەکە”.
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پلانە 20 خاڵییەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە کەرتی غەززە پێشکەش بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد.
ناتانیاهۆ هەر زوو رەزامەندیی خۆی لەسەر پلانەکە دەربڕی، هاوکات بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکانیش پێشوازییان لێکرد.
بەپێی ناوەڕۆکی پلانەکە، سوپای ئیسرائیل کەرتی غەززە جێدەهێڵێت، بونیادنانەوەی شارەکە دەستپێدەکات، ئاوارەکان دەگەڕێنەوە و 17 هەزار زیندانی و ژمارەیەک بارمتەش ئازاددەکرێن، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بارمتەکانی وەردەگرێتەوە و بزووتنەوەی حەماسیش دەچێتە دەرەوە.