کەشناسێکی کورد رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان دوو هەفتەی سەختی سەرما و سۆڵەی بەهێزی لەپێشە و پلەی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان دەچێتە ژێر سفری سیلیزی.
هەڤاڵ سدیق گەوڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە رۆژی دووشەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026 بۆ 21ـی کانوونی دووەم، بارستەهەوایەکی ساردی بەهێز لە ناوچەکانی سیبیریاوە روودەکاتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و شەپۆلێکی چڕی بەفربارین لە سەنتەری شارە گەورەکان دەستپێدەکات.
راشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە بیابانەکانی ئەنباریش بەفرببارێت، هەروەها لە هەفتەی چوارەمی ئەم مانگەشدا، شەپۆلێکی دیکەی بەهێزی بەفر و بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان بکات و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە کوردە، هەرێمی کوردستان دوو هەفتەی سەختی سەرما و سۆڵە بەڕێدەکات و پلەی گەرما لە سەرجەم ناوچەکان لە ژێر سفری سیلیزیدا دەبێت.