دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، مەلا مەزهەر رووبەڕووی یاسا دەکەینەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە لێدوانی مەلا مەزهەر تاهیر لەبارەی ژنانەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “بەداخەوە مامۆستایەکی ئاینی لە شاری هەولێر، بە ناوی (مەلا مەزهەر تاهیر)، لە کەناڵێکی میدیایی لێدوانێکی بڵاوکردووەتەوە و بێڕێزییەکی زۆر بە ئافرەتان و رۆڵ و پێگەی ئافرەت دەکات. ناوبراو لە روانگەیەکی تەسکەوە، رۆڵی ئافرەتی کەمکردووەتەوە لە ماڵەوە و وەک خزمەتکارێک وێنای کردووە کە ئەرکەکەی تەنیا لە ماڵەوەیە”.
دەشڵێت، “ئەو وتانەی ناوبراو بە تەواوی دژی بنەمای ئاینییەکانە و پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و شکۆی ژنانە؛ بۆ ئەو مەبەستە، دەستەی مافی مرۆڤ لە رێگەی داواکاری گشتییەوە، ئەو کەیسە دەجووڵێنێت و ناوبراو رووبەڕووی یاسا دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی وتەکانی مەلا مەزهەر دژی ماددەی 14ـی دەستووری عێراقە کە ئەم ماددەیە، بە روونی باس لە ئەوە دەکات، کە یەکسانی هەیە لە نێوان ژن و پیاو”.
ئەوەش هاتووە، “جگە لەوەش، هیوادارین وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان، رێکاری پێویست بگرنەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن لە ژێر ناوی ئاین و مینبەرەکانەوە. بەتوندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و ئیدانەی دەکەین، بە رێزەوەش رۆڵی ژنان سەیردەکەین و بەرز دەنرخێنین”.