شارەزایەکی بواری تەکنەلۆجیا رایدەگەیەنێت، بانکەکان بۆ ئەوەی کەمترین جار پارە بخەنە ناو ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە، کەمترین بڕی 5 هەزار دیناری و 10 هەزار تێدەکەن.
ئەحمەد سالار، شارەزای بواری تەکنەلۆجیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایکرد، ئامێرەکانی راکێشانی پارە، ئەگەر بە نرخی جیهانی بکڕدرێن، نرخەکانیان لەنێوان دوو بۆ سێ هەزار دۆلاردایە، ئەوانەی پێشکەوتووترن نرخەکانیان لەنێوان شەش بۆ هەشت هەزار دیناردایە.
وتیشی، ئەو ئامێرانەی لە هەرێمی کوردستان هەن، بەشێکی زۆریان بە دەستی دوو دەکڕدرێن، بەرگەی ئەو هەموو راکێشان و گوشارە ناگرن.
ئەوەشی خستەڕوو، هەریەکە لەم ئامێرانە چوار بۆ شەش خانەیان تێدایە، هەریەکە لەم خانانە دوو بۆ سێ هەزار پەڕە دەگرێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئامێرەکە زۆرترین بڕی پارە لەخۆبگرێت، بانکەکان ناچارن کەمترین پارەی پێنج هەزار دیناری و 10 هەزار دیناری تێبکەن، لەبەرامبەردا زۆرترین بڕی 25 هەزار دیناری و 50 هەزار دیناریان تێدەکرێت، تاوەکو زۆرترین مووچەخۆر پارەکانیان وەربگرن و کەمترین جار پارە بخرێتە ناو ئامێرەکانەوە.