سەرچاوەیەک: لە پێکهێنانی حکومەتدا پارتی شکستیهێنا و ئێستا هاتوونەتەوە بەر دەرگای یەکێتی

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایدەکات، لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا بەتەنها، پارتی شکستیهێنا، ئێستا هاتووەتەوە بەر دەرگای یەکێتی و چاوەڕێی یەک ئۆکەی بافڵ جەلال تاڵەبانیین.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، “هەرچەندە پارتی دوو کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پێشکەشکردووە، بەڵام خودی بەرپرسانی پارتی دانی پێدادەنێن کە ئەگەر یەکێتی رازیبێت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خواستی ئەوان، ئامادەن راستەوخۆ کاندیدەکانیان بکشێننەوە.”

دەشڵێت، “بەرپرسانی پارتی دەزانن پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بۆ یەکێتی یەکلایی بووەتەوە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە یەکێتی رازیبکەن بەشداریی حکومەت بکات. هەرچەندە لە ماوەکانی رابردوودا باسیان لەوە دەکرد دەتوانن بێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنن، تەنانەت بۆ کڕینی هەر پەرلەمانتارێک 5 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردبوو.”

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، “پارتی لە هەموو هەنگاوەکانیدا بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی شکستیهێنا، بۆیە ناچار بوون بێنەوە بەردەرگای یەکێتی و چاوەڕوانی ئۆکەی خودی بافڵ جەلال تاڵەبانی بن. بەم پێیەش لەم دوو پرسە گرنگەدا چیتر بڕیار لە پیرمامەوە نادرێت؛ بەڵکو دەباشان دوایین قسە دەکات”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share