وەزارەتی خوێندنی باڵا، رایگەیاند، بۆ لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن ئاسانکاریی بۆ خوێندکارانی دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لە فەرمانێکی وەزاریدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2026 دەرچووە و واژووی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرە، بڕیاردرا کە بۆ لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی ئەمساڵی خوێندکارانی دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ، ئەو خوێندکارانە پێویست ناکات پشتگیری لە هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بهێنن.
دەشڵێت، ئەو خوێندکارانەی دانیشتووی قەزای چەمچەماڵن، بە هەماهەنگیی نێوان تۆماری گشتی و بەشی دارایی زانکۆکان لە رێگەی سیستمی زانکۆلاین، لە کۆدی تاقیکردنەوە کە بریتییە لە 13 ژمارە و ژمارەی (پێنجەم و شەشەم)، بۆ دەرچووانی پەروەردەی چەمچەماڵ بریتییە لە (05) لەکاتی دڵنیابوونەوە کە شوێنی نیشتەجێبوونیان قەزای چەمچەماڵ و ناوچە زیان بەرکەوتووەکانە، کاری پێویستیان بۆ ئەنجامدەدرێت بەمەبەستی لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن.