بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تۆمەتبارێک دەستگیرکرا و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی رفێندراودا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، کەسێک کە نەخۆشیی دەرونیی هەیە، لەناو قەزای دەربەندیخان ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی بەقاڵی رفاند کە لە جۆری پیکاب – نیسان بوو، دەستبەجێ مەفرەزەکانی هەردوو بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان و پۆلیسی زەڕایەن سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان هەستان بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی و لێکۆڵینەوە و گەڕانیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی پۆلیس زانیارییان دەستکەوت کە لە نزیک گوندی میرەدێ، ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕاوە و زیانی ماددی بە ئۆتۆمبێلەکە و بارەکەی گەیشتووە؛ دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی هەردوو بنکەوە، تۆمەتبار دەستگیربکرێت و دەستبگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا.
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دەربەندیخانەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە رێکخرا و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای دەربەندیخان، بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادان، تۆمەتبار بە ناوی (د، خ، ف) لەدایکبووی ساڵی (2003) راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.
