ژنێکی تورک دەڵێت: کچی دۆناڵد ترەمپم

ژنێک کە هاوڵاتیی تورکیایە، لە دادگا داوای پشتڕاستکردنەوەی بۆماوەیی کردووە و دەڵێت، کچی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە.

نێکلا ئۆزمەن، تەمەن 55 ساڵ کە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا نیشتەجێیە، لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا لە دادگای ئەنقەرە داوای پشکنینی دی ئێن ئەی و دیاریکردنی باوکایەتیی کردووە؛ بە وتەی خۆی، ئەو کچی دۆناڵد ترەمپە و شێوەی رووخساریان زۆر بەیەک دەچێت.

دادگای ئەنقەرە داوای ئۆزمەنی قبوڵکردووە و پشکنینی دی ئێن ئەی لێوەرگرتووە، بەڵام پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکان، ئەو پڕوپاگەندانەی باسی دەکرد رەتکرانەوە و بە رەسمی کچی ساتی و دورسون ئۆزمەن، تۆمارکرا.

نێکلا ئۆزمەن لە داواکارییەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ساڵی 1970 لەدایکبووە و لەلایەن ئەو ژن و مێردەوە پەروەردە کراوە، باوکی لە ساڵی 2009 کۆچی دواییکردووە و دەڵێت، ساڵی 2017، دایکی راستییەکانی لەبارەی لەدایکبوونی پێوتووە کە لە راستیدا کچی دۆناڵد ترەمپە.

بە وتەی ئۆزمەن، “ئەو ژنەی پەروەردەی کردووە” رایگەیاندووە، لە نەخۆشخانەیەک منداڵێکی بووە کە بە مردوویی لەدایکبووە و ژنێکی دیکەش [کە ئۆزمەن وەک هاوڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی سۆفیا باسیکردووە]، لەبری ئەوە منداڵێکی تازە لەدایکبووی خۆی پێداوە. دایکی وتوویەتی، سۆفیا لە رێگەی پەیوەندییەکی نایاسایی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دووگیان بووە و دواتر وازی لە کۆرپەکەی هێناوە، کە دواتر لەلایەن بنەماڵەی ئۆزمەنەوە هەڵگیراوەتەوە.

پاش رەتکردنەوەی قسەکانی لەلایەن دادگاوە، نێکلا ئۆزمەن تانەی لە بڕیارەکەی دادگا دا و ئێستا داوا لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە دەکات، بەدوای کەیسەکەیدا بچن، چونکە ئەو پێی وایە، ترەمپ باوکی بایۆلۆجییەتی؛ ئۆزمەن دەڵێت، “تەنیا دەمەوێت بزانم ئایا باوکمە یان نا. نامەوێت هیچ کێشەیەکی بۆ دروستبکەم، تەنیا دەمەوێت راستییەکان بزانم”.

وتیشی، هیوادارە ترەمپ رازی ببێت بە پشکنینی دی ئێن ئەی و خواستی خۆی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵیدا دەرببڕێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share