سەرۆکى تیمى توێژینەوە هۆکارى داتەپینی پێدەشتی چیاکانی زاگرۆس لە کوردستان رووندەکاتەوە

زنجیرە چیاکانى زاگرۆس دووچارى رووداوێکى سروشتى بووەتەوە و رۆدەچێتە ناو زەوییەوە، سەرۆکى تیمى توێژینەوەیەک وردەکارییەکەى رووندەکاتەوە و دەڵێت، چیاکان لە ژێر هەندێک کرداری زۆر هێواشی جیۆلۆجین، کە دەیان ملیۆن ساڵ دەخایەنێت و بەدەرن لە هەستپێکردنیان لەلایەن مرۆڤەوە.

ماوەی هەفتەیەکە چیاکانی زاگرۆس، میدیا جیهانییەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و باسلەوەدەکرێت، ئەو زنجیرە چیایە دووچاری رووداوێکی سروشتی بووە و رۆدەچێتە ناو زەوییەوە.

ئەوەش دواى ئەوەى تیمێکی توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە زانکۆی گۆتینگن لە ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیان لە کاریگەریی ئەو هێزانە کردووە کە چیاکانی زاگرۆس لە ناوچەی کوردستانی عێراق لەسەر داتەپینی رووی زەوی سەپاندویانە لە ماوەی بیست ملیۆن ساڵی رابردوودا. لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە لەئێستادا و لە قوڵایی سەدان کیلۆمەتر لە ژێر رووی زەوی، پلێتی زەریای نیۆتیتیس، کە سەردەمانێک لە نێوان کیشوەرەکانی عەرەبی و ئۆراسیادا بووە، بەشێوەی ئاسۆیی جیادەبێتەوە لە پلێتی عەرەبی کە بلە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیاوە تا باکووری رۆژئاوای ئێران درێژدەبێتەوە.

د. رێناس ئیسماعیل خۆشناو، سەرۆکی توێژینەوەکە و مامۆستا لە زانکۆی گۆتینگن بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، توێکڵی زەوی دەکرێت بە دوو بەشەوە، توێکڵی کیشوەری و توێکڵی زەریایی، توێکڵی زەریایی بەهۆی زۆریی چڕییەکەیەوە بەراورد بە توێکڵە وشکانییەکان، دەخلیسکێت بەرەو قوڵایی ناواخنی زەوی، لەگەڵ ئەم پرۆسەیەشدا، توێکڵی کیشوەرەکانی چواردەوری زەریاکە بەرەو یەکتر رادەکێشێت و هەردوو توێکڵە وشکانییەکە بەیەکدا دەدەن، ئەمەش لە ماوەی ملیۆنان ساڵدا، زنجیرەچیاکان دروستدەکات.

نمونەیەکی ئەم پرۆسەیەش، زنجیرەچیاکانی زاگرۆسە کە لە ئەنجامی بە یەکدادانی هەردوو توێکڵی کیشوەری عەرەبی و ئۆراسی دروستبووە. لێرەدا دەپرسین، چی بەسەر توێکڵی زەریایی دێت لەپاش خلیسکانی بۆ ناو ناواخنی زەوی؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە توێژەران سەرەتا کاریگەریی کێشی چیاکانی زاگرۆسیان لە هەرێمی کوردستان دیاریکردووە لەسەر لاربوونەوەی رووی زەوی، بەڵام بۆیان دەرکەوتووە کە کێشی چیاکانی زاگرۆس بەتەنها ناتوانێت بەرپرسیاربێت لەو داتەپینیەی کە بە 3-4 کیلۆمەتر ئەخەملێنرێت لە سەرەتای دروەستبوونی چیاکان تاوەکو ئێستا و پڕ بووە لە نیشتەنی.

بەپێی وتەی توێژەران، ئەمەش بەهۆی باری زیادەی پلێتی زەریایی نوقمبووەوەیە کە تائێستاش بە پلێتی عەرەبییەوە بەستراوەتەوە لە ناو ناواخنی زەوی. د. رێناس دەڵێت، “ئەم پلێتە زەریاییە ناوچەکە دەکێشێتە خوارەوە شێوەیەکی ئاسۆیی جیا لە کرداری خلیسکان بۆ ناواخنی زەوی، لەبەر ئەم هۆکارە شوێنی زیاتر دروستبووە بۆ کۆبوونەوەی نیشتەنییەکان. بەڵام لەلای تورکیا، لە دامێنی چیاکان نیشتەنیی کەمتر کۆبووەتەوە کە دەریدەخات پلێتە زەریاییەکە لەم ناوچەیەدا پچڕاوە، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی راکێشان بەرەو خوارەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئامادەكاری بۆ خوێندنەوەی دووەم دەكرێت
پەرلەمان ڕوونكردنەوە لەبارەی پڕۆژەیاسای نوێی كار دەدات

لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەكاری بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای نوێی كار دەكرێت و جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی…
Total
0
Share