فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان: لە ساڵی 2025ـدا 128 رۆژنامەنووس کوژراون

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان لە ئامارێکدا رایگەیاند، لە ساڵی 2025ـدا لە سەرانسەری جیهان، 128 رۆژنامەنووس کوژراون، نیوەی ئەو ژمارەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون.

بە وتەی ئەنتۆنی بێلانگەر، سکرتێری فیدراسیۆنەکە کە قسەی بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس کردووە، “ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە، کە بە تەنها لە غەزە، 56 رۆژنامەنووس لە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا کوژراون”.

ئاماژەی بەوەشدا، لە وڵاتانی وەک یەمەن، ئۆکرانیا، سودان، پیرۆ، هیندستان و چەند وڵاتێکی دیکەش، رۆژنامەنووسان کوژراون.

جگە لە کوشتن و بڕین، رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2025ـدا رووبەڕووی ئازار، ئەشکەنجە و زیندانیکردن بوونەتەوە؛ سکرتێری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان لەو بارەیەوە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 533 رۆژنامەنووس لە زیندانەکاندا ماونەتەوە و ئازادنەکراون.

چین لە ریزبەندیی ئەو وڵاتانە دێت، کە زۆرترین رۆژنامەنووسی لە ساڵی 2025ـدا دەستگیرکردووە و بەگوێرەی ئاماری فیدراسیۆنەکە، 133 رۆژنامەنووس لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەیجینەوە دەستگیرکراون.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share