ئەمڕۆ بۆ شیعەکان لە عێراق و ژمارەیەک وڵاتى ئیسلامى یەکەم رۆژى جەژنى قوربانە و بەرەبەیانى ئەمڕۆ نوێژى جەژن ئەنجامدرا.
جیاواز لە ساڵانى رابردوو بۆ ئەمساڵ شیعەکانى عێراق و بەشێک لە وڵاتانى دیکەى ئیسلامى لە دیاریکردنى یەکەم رۆژى جەژنى قورباندا، شوێن سعودیە و زۆرینەى وڵاتانى ئیسلامى نەکەوتن و ئەمڕۆ شەممە 7ى حوزەیرانیان بە یەکەم رۆژى جەژنى قوربان دیاریکرد.
لە بەغداد ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق لە مزگەوتى “ئال رەسول”ى بەغداد بەشدارى لە نوێژى جەژندا کرد.
ئێوارەى 27ى ئایارى رابردوو سعودیە بە رەسمى رایگەیاند، رۆژی وەستان لە کێوی عەرەفە 5ی حوزەیران و یەکەم رۆژى جەژن، هەینى 6ى حوزەیران دەبێت.
هەمان ئێوارە نوسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق رایگەیاند، رۆژى شەممە (ئەمڕۆ) 7ى حوزەیران یەکەم رۆژى جەژنى قوربان دەبێت.
جگە لە شیعەکانى عێراق ئەمڕۆ بۆ موسڵمانانى وڵاتانى “پاکستان، مەغریب، مۆریتانیا، مالیزیا، هیندستان، بەنگلادیش و برۆنای” یەکەم رۆژى جەژنى قوربانە.