لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر لێخۆشبوون لە 50% ی قەرزی کەڵەکەبووی سەر کەناڵەکانی راگەیاندن.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی رۆشنبیریدا هاتووە، بە هۆی کەڵەکەبوونی قەرزی میدیای بینراو و بیستراوەکان لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە داراییەی کە رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و کەمبوونەوە و نەمای ئەو داهاتەی کە پێشتر بەدەستیان دەهێنا لە رێگەی ریکلام، ئەمەش بە هۆی ئەوەی لە ئێستا زیاتر لە رێگەی سۆشیال میدیاوە ریکلام بۆ کاڵاکان دەکرێت، لەسەر داوای زۆربەی میدیا بینراو و بیستراوەکان داوای لێخۆشبوونمان لە 50% ی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاز و داواکارییەکەی وەزارەتی پەسندکرد، بە مەرجێک گشت کەناڵەکان پابەندبن بە دانەوەی ئەو قەرزانە لە ماوەی یەک مانگ، لە ئەگەری پابەند نەبوونیان سزای دواکەوتن بێتە سەر قەرزەکانیان”.
لە هەرێمی کوردستان لە کۆی 176 کەناڵی بیستراو، 132 کەناڵ قەرزارن و لە کۆی 126 کەناڵی بینراو 94 کەناڵیان قەرزارن، واتە لە کۆی 302 کەناڵ، 226 کەناڵیان قەرزارن.