وەزارەتی کارەبای عێراق، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو “بارانە زۆرە”ـی پێشبینیدەکرێت لە سەرتاسەری وڵات ببارێت، باری نائاسایی راگەیاند.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لە ئامادەباشیی تەواودان و کارمەندان لە کەرتە جیاجیاکان و ناوەندەکانی چاکسازی و کۆنتڕۆڵ، جێگیرکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەت رێنمایی دەرکردووە، کە کۆگاکان 24 کاتژمێر بە کراوەیی بمێننەوە بۆ دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزاری بۆ تۆڕی کارەبا، لە حاڵەتی پێویست. هەروەها بۆ دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ تۆڕی کارەبای تایبەت بە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان.
داواش لە هاوڵاتییان دەکات، دووربکەونەوە لە هێڵ و ستوونەکانی کارەبا و بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاویش، وەزارەت هێڵی گەرمی تەرخانکردووە و وەڵامی هاوڵاتییان دەدرێتەوە.