تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، رەخنە لە سیاسەتی پێشووی ئیدارەی ئەمریکا لە عێراق دەگرێت و هۆشداری دەدات لە ئەگەری بەشبەشبوونی عێراق.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ناشناڵی ئەمریکی، تۆم باراک رایگەیاند، ئەو بۆشاییەی ئێمە لە رابردوودا دروستمانکرد، ئێران هات و پڕیکردەوە، بەمەش رێگەمان بۆ گروپە چەکدارەکان خۆشکرد کە گەشەبکەن و هێز پەیدابکەن، عێراق ئەو نموونە روونەیە کە ئەمریکا نابێت دووبارەی بکاتەوە.
وتیشی، عێراق سەرۆکوەزیرانێکی زۆرباشی هەیە، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکی نییە، چونکە دەسەڵاتی بەسەر هێزە میلیشیاکاندا نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دۆخەی لە عێراق و سوریا هەیە سەردەکێشێت بۆ جیابوونەوە و بەشبەشبوونی ئەو وڵاتانە، وەک چۆن لە یۆگسلاڤیا ئەوە روویدا، رەنگە لە عێراق و سوریا کۆمار دروستببن، کوردەکان سەربەرخۆیی بەدەستبهێنن، ئەمەش واتە شکستی فیدراڵیزم لەو وڵاتانە.
باسی لەوەشکرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەوڵەتە فیدراڵییەکان دەکەون و جەنگ دەستپێدەکاتەوە.