نووسینگەی جەوهەر ئاغای هەرکی، سەرۆکی عەشیرەتی هەرکی روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی لەبارەی چەند سیناریۆیەکی پاراستنی پارتی، بڵاوکردەوە و ئەو سیناریۆیانە رەتدەکاتەوە.
دەقی روونکردنەوەکە:
سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەو درۆ و ناڕاستییانەی دەزگای پاراستنی پارتی، لێرەوە سەرلەبەری ئەو تۆمەت و چەواشەکارییانە رەتدەکەینەوە و رایدەگەیەنین، تۆمەت و چەواشەکارییەکانی دەزگای پاراستنی پارتی ناتوانێت بەو درۆیانەیان رووڕەشیی خیانەتەکانیان و فرۆشتنی خاک و کوشتنی رۆلەی کورد، سپیبکەنەوە، هەر لێرەوە پێیان دەڵێین، بە ئەشکەنجەدان و ئازاردانی تاکی کورد و هێنانیان بۆ سەر شاشەی تەلەڤیزیۆن و هەڵبەستنی درۆ و بوختان، کە هەموو خەڵکی کوردستان ئاشنا و شارەزایی تەواویان هەیە بە درۆکانیان، ناتوانن بڕوا بە خەڵکی کوردستان بهێنن.
هەر لێرەوە بە خەڵکی کوردستان رادەگەیەنین، ئەوە ئێوەبوون دامودەزگاکانی دەوڵەتتان بۆ خۆتان و کوڕ و نەوەی نەوەکانتان بەکاردەهێنن و هەر کات ترستان لێ نیشت، تێکی دەدەن، مێژووی ئێمەش شاهیدی دەدات لە دەستپێکی شەڕی داعـ.ـش، ئێمە و رۆلەی هەرکیان بووین بە گیانی خۆمان بەرگریمان لە دامودەزگاکانی دەوڵەت کرد، ئێوەش بێشەرمانە لەبەردەم تیڤی دەتان وت، ‘راکردنیش هەیە’.
داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانیش دەکەین، بۆ راستی و دروستیی درۆکانی دەزگای پاراستن. داوای بەڵگەی پێویست بکەن، نەک باوەڕ بە چەواشەکارییەکانیان بکەن. هەر دادگایەکی نێودەوڵەتی هەبێت و بێلایەن بێت، ئامادەین بێینە دادگا، با هەموو خەڵکی کوردستان بزانێت کێ لەسەر حەقە، بۆئەوەی هەموو جیهان بزانێت کە ئەوەی بەو گەنجەی ئێمەی هەرکی وتراوە و هێنانی بۆ سەر شاشەی تیڤی، هیچ ئەسڵ و ئەساسی نییە.
هەموو لایەکیش دڵنیادەکەینەوە، کە ئەم بابەتەی دەزگای پاراستن، بۆ ناکۆکیی زیاتری نێوماڵی هەرکییانە.
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی هەرکییان.
چیایی چارچەل هیچ کات نزم نابێت و هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە، شەرمەزاری بۆ ناحەزانی هەرکی و هەرکیاتی.