مەڵبەندی 14ـی رێکخستنی کۆیەی یەکێتی: تێکدانی گۆڕی کریستیانەکان قبوڵ ناکەین

مەڵبەندی 14ـی رێکخستنی کۆیەى یەکێتى، هۆشداری دەداتە ئەوانەی دەست بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی شارەکە دەبەن و دەڵێت، تێکدانی گۆڕی کریستیانەکان قبوڵ ناکەین.

مەڵبەندی 14ـی رێکخستنی کۆیەى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، روونکردنەوەیەکی لەبارەی شێواندنی چەند گۆڕێکی کریستیانەکانی لە قەزای کۆیە بڵاوکردەوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

روونکردنەوەیەک لە مەڵبەندی 14ـی کۆیە سەبارەت بە دیاردەیەکی نامۆ بە مێژوو و کەلتوری پێکەوەژیان لە کۆیە

رەنگدانەوەی ژیانی پێکەوەیی و کەلتوری یەکتر قبوڵکردن و بەشداریی بۆنە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، لەنێوان ئاینە جیاوازەکان لە شاری کۆیە، سیمایەکی شارستانیەتی نوێ و پێشکەوتنخوازی خەڵکی سنووری قەزای کۆیەن، کە لە ماوەی سەدەکانی رابردووەوە تائێستا، ئەم کەلتوری پێکەوەژیانە رۆژبەرۆژ تێکەڵ بە پێکهاتەکانی ئەم شارە بووە.

چەند رۆژێکە خەڵکانێک کە نازاندرێت هۆکارەکەی کەمیی ئاستی هۆشیارییە، یان بیرکردنەوەیە بۆ لەباربردنی ئەم گیانی تەبایی و پێکەوەژیانە، دەستیان داوەتە شێواندن و تێکدانی چەند گۆڕی کەسایەتییە کریستیانەکانی سنوورەکەمان.

بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین، کە ئەم جۆرە دیاردە نەخوازراوانە بەلای خەڵکی رەسەنی سنوورەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە قبوڵ نەکراوە و هەرگیز چاوپۆشیی لێ ناکرێت.

لێرەشەوە داوادەکەین، هەرچی زووە هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکەمان، رێکاری توند بگرنەبەر بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە قێزەونە و رووبەڕووکردنەوەیان بە یاسا. تا کەسانێک تەنانەت نەتوانن بە خەیاڵیش بیر لە تێکدانی ئەو نمونە جوانەی پێکەوەژیانە لە کوردستان و شارەکەمان بکەنەوە.

هاوکات وەک مەڵبەندی 14ـى کۆیە، ئامادەیی تەواو دەردەبڕین بۆ سڕینەوەی شوێنەواری ئەم کارە تێکدەرانەیە و نۆژەنکردنەوەی گۆڕە شێوێندراوەکان.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی چەمچەماڵ: لە ماوەی 24 کاتژمێردا 43 کەس بەهۆی خۆڵبارین گەیەندراونەتە نەخۆشخانە

وتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ،  رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 43 حاڵەتی هەناسەتەنگی بەهۆی خۆڵبارینەوە تۆمارکراون”. شەریف رەحیم، وتەبێژی…
Total
0
Share