ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، هاوسەنگیی هێزی جیهان لە گۆڕاندایە و لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا، نەخشەی جیهانیش دەگۆڕدرێت.
ئەمڕۆ پوتن، بە سەردانێک گەیشتە هیندستان و لەلایەن نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانەوە پێشوازیی لێکرا؛ دواتر لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، “وەک دەزانن جیهان بەخێرایی گەشەدەکات و ئەم خێراییەش لە زیادبووندایە، ئەوە بۆ هەمووان دیارە کە نەخشەی جیهان لە گۆڕاندایە، ناوەندی نوێی هێز سەرهەڵدەدات و هاوسەنگیی هێز دەگۆڕێت”.
پوتن دووپاتیکردەوە، هاوکاریی نێوان روسیا و هیندستان بۆ دڵنیابوون لە گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانیان، زۆر گرنگە.
راشیگەیاند، هاوبەشییەکی بەهێز و کاریگەر لە نێوان روسیا و هیندستان هەیە و ئەم هاوبەشییە، لەسەر بنەمای متمانە دامەزراوە.