ڕوبەڕوبوونەوەی مادەهۆشبەرەکان: هیچ کێڵگەیەکی مادەی هۆشبەر لە عێراقدا نییە

بەڕێوبەرایەتیی ڕوبەڕوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی کانونی دووەم ئاماری ساڵی 2020ی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەهۆشبەرەکانی لە عێراق بڵاوکردەوە و بە مەترسیدار ناویبرد.

زیا جەبر حسێن، بەڕێوبەری گشتیی ڕوبەڕوبوونەوەی مادەهۆشبەرەکانی عێراق ڕایگەیاند، “لە ساڵی 2020دا 11 هەزار و 500 بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەرمان دەستگیرکردووە”.

ڕاشیگەیاند، “لەساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 270 کیلۆگرام حەشیش، 120 کیلۆگرام کریستاڵ، زیاتر لە یەک ملیۆن حەپی هۆشبەر و 15 ملیۆن مادەی جۆراوجۆری دیکە کە بۆ ئەو مەبەستە بەکاردهێنرێن دەستیانبەسەردا گیراوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پێش ساڵی 2003وە عێراق تەنها ڕێڕەوێک بوو بۆ تێپەڕینی ئەم جۆرە مادانە، بەڵام ئێستا عێراق بووە بە بەکاربەری مادەی هۆشبەر.

سەبارەت بە هۆکارەکەشی ئاشکرایکردووە، “هاوسنووری عێراق لەگەڵ هەندێ وڵاتی دراوسێ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و کەمی هۆشیاریی کۆمەڵگا هۆکارەکانی پشت بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرن لە وڵاتدا”.

ئەو بەرپرسە عێراقییە دەڵێت، “تاوەکو ئێستا هیچ کێڵگەیەکی مادە هۆشبەرەکان لە عێراقدا بوونی نییە و حکومەتیش هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر و ڕوبەڕوبوونەوە ئەوانەی بەکاریدەهێنن و بازرگانی پێوەدەکەن دەستپێکردووە”.

باسیلەوەکرد کە لە عێراقدا مادەی یاسایی دژی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر هەیە و بەپێی ئەو یاسایەش هەر کەسێک مادەی هۆشبەر بەکاربهێنێت لە ساڵێکەوە بۆ سێ ساڵ زیندانی دەکرێت، هەروەها بە بڕی 5 ملیۆن دینار سزای دارایی دەدرێت، بەڵام ئەوانەی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەکەن لە 10 ساڵەوە تاوەکو زیندانی هەتا هاتایی سزا دەدرێن.

بابەتی پێشتر

ڕاپۆرتێكی هەواڵگری: ئەمریكا تاوتوێی گواستنەوەی سەربازانی لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەكات

بابەتی دواتر

ئەمریكا.. نزیكەی 50 ملیۆن ڤاكسینی كۆرۆنا دابەشكراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share