سەرچاوە ئەمنییەكان ئاشكرایانكردووە، ڕێگری لە “هێرشێكی تیرۆریستی” كراوە كە ناوچەیەكی شاری داقوقی كردووەتە ئامانج.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بە چەند میدیایەكی عێراقی ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ شەممە 30ی كانونی دووەم، هێزە ئەمنییەكان توانیویانە ڕێگری لە هێرشێكی تیرۆریستی بكەن لە گوندی زەرگەی سەربە شاری داقوق لە سنووری پارێزگای كەركوك”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، “ئەندامانی داعشی تیرۆریستی هێرشیانكردووەتە سەر خاڵێكی پشكنینی هێزە ئەمنییەكان، بەڵام سوپای عێراق بەرپەچی داونەتەوە”.
سەبارەت بە دەرئەنجامی شەڕەكە، سەرچاوەیەكە ئاشكرایكردووە، “سوپای عێراق توانیویەتی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بتەقێنێتەوە و چوار لەو چەكدارانەش بكوژێت و دەست بەسەر چەك و كەلوپەلەكانیشدا بگرێت”.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەو هێرشەدا هیچ زیانێك بە سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكان نەگەیشتووە.