وەزیری پەروەردەی هەرێم ئاشکرایدەکات، بەهۆی هەڵبژاردنەوە، ئەو مامۆستا و خوێندکارانەی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، بەشداریی دەنگدان دەکەن، غیاب نادرێن.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەوامی خوێندن لە سەرجەم خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان وەستاوە و خوێندگەکان رادەستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کراون”.
دەشڵێت، “ئەو مامۆستا و خوێندکارانەی کە سەر بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمن و بەشداریی دەنگدان دەکەن، ئەگەر دوابکەون غیاب نادرێن، ئەمەش بە فەرمانێک ئاماژەی پێدەدرێت”.
پێشتر، وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندبوو، بەهۆی بەکارهێنانی خوێندنگەکان بۆ هەڵبژاردن، رۆژی 6ی تشرینی دووەم تاوەکو 12ی تشرینی دووەمی 2025، لە سەرجەم خوێندنگەکان پشوو دەبێت.