لە سلێمانی چەند بڕیارێك لەبارەی نرخی بەنزین و شمەك درا

ژووری ئۆپراسیۆنەکانی چاودێریی ئابوریی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە، چەند بڕیارێكی لەبارەی نرخی بەنزین و شمەك و گرفتی نانەواخانەكان دا، بەنزینخانە بۆ تاكسی و پاس جیاكراوەتەوە، داواشكراوە وەزارەتەكان بڕیاری دابەزاندنی دەسەڵاتەكانی لامەركەزی جێبەجیبكەن.

لە كۆبوونەوەكەدا چەند بەنزینخانەیەك دیاریكران بۆ تاكسی و پاسەكان، كە بەنزینی 690 دینارییان تیادا دابەشدەكرێت.

هەروەها بڕێک ئارد بێبەرامبەر بۆ هەر نانەواخانە و سەمونخانەیەک دابیندەکرێت، كە گرفتی گرانبوونی ئاردیان هەیە و ناچاربوون نرخی نان گرانبكەن.

دەقی ڕاگەیەندراوی دوای كۆبوونەوەكە:

ئەمڕۆ (١٥/ ٣/ ٢٠٢٢) ژوری ئۆپراسیۆنەکانی چاودێریی ئابووریی پارێزگای سلێمانی، پاڵپشت بە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ڕۆژی (٩/ ٣/ ٢٠٢٢)ی ئەنجومەنی وەزیران و ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە دۆخی بازاڕ لە (١٣/ ٣/ ٢٠٢٢)دا، بە سەرپەرشتیی پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە بەشداریی قائمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان و ژوری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی، تایبەت بە دابینکردن و گواستنەوەو هێنانە ناوەوەو هەڵگرتن و خستنەڕوو و کوالێتی و قەبارەو نرخی پێداویستیە سەرەکیەکانی هاووڵاتیان و چاودێریکردنی بازاڕ، لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و پێداویستیەکان و بەرژەوەندیی گشتیدا، کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا:

یەکەم:جەخت کردنەوە لەسەر یاداشتی پارێزگاری سلێمانی بە نووسراوی پارێزگای سلێمانی/ نووسینگەی تایبەت ژمارە (٢٥) لە (١٣/ ٣/ ٢٠٢٢)ی تایبەت بە پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخانە، کە هاوپێچی ئەم نووسراوە کراوە.

دووەم:لە ڕۆژی (١٥/ ٣/ ٢٠٢٢)وە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانیەوە بە هەماهەنگیی قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریی لەو (٥) بەنزینخانەیەی بۆ دابینکردنی بەنزینی پشتیوانیکراو لە سنوری شاری سلێمانیدا دیاریکراوە ڕۆژانە (١) بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلی ژمارە تایبەت و، (٢) بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلی تاکسی، ڕۆژێک بۆ ژمارەی تاک و ڕۆژێک بۆ ژمارەی جووت و، (٢) بەنزینخانە بۆ پاسەکانی هێڵی گواستنەوەی گشتیی تەرخان دەکرێت.

سێیەم: بە دەستپێشخەریی بازرگانان و ژوری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی بڕێک ئارد بێ بەرامبەر بۆ هەر نانەواخانەو سەمونخانەیەک دابیندەکرێت. لیژنەکانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریی، ڕێکاری پێویست بۆ ئەم مەبەستە دیاریدەکەن.

چوارەم: بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە کۆمپانیای دابینکردنی غاز دەکرێت، کە پابەندی تەواوی ناوەڕۆکی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پەیوەست بە دابینکردنی پێداویستی هاووڵاتیان و دابینکردنی غاز بە نرخێکی پشتیوانیکراو بۆ نانەواخانەکان، بێت.

پێنجەم: داوا لە هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرا، بۆ جێبەجێکردنی کرداریی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ، پێویستە دەسەڵاتی تەواو بەپێی تایبەتمەندیی وەزارەتەکانیان بۆ بەڕێوەبەرێتی گشتیی و بەڕێوەبەرێتی پارێزگاکان داببەزێنن، بۆئەوەی بتوانن ڕۆڵی کارای خۆیان لە چارەسەرکردنی ئەم دۆخەدا ببینن.

شەشەم: ژوری ئۆپراسیۆنەکانی چاودێریی ئابووریی، دەسەڵاتی تەواو دەدات بە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان، کە سەرۆکایەتیی لیژنەی هاوشێوە لە یەکە کارگێڕییەکانیاندا بکەن بەهەماهەنگیی فەرمانگا پەیوەندیدارەکانیان لە سنورەکەیانداو چاودێریی وردی قەبارەی خستنەڕوو و کوالێتی و نرخی کاڵاکان بکەن و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر قۆرخکارو سەرپێچیکار بگرنەبەر.

حەوتەم: پێویستە ڕێگری و بەربەستی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێت لە جوڵەپێکردنی کاڵاکان و بەرهەم و پێداویستیە کشتوکاڵیی و پەلەوەریی و ڤێتێرنەرییەکانداو دەرفەتی هاوسەنگ و هاوبەش بۆ هەموو لایەک فەراهەم بکرێت بەبێ جیاوازیی.

هەشتەم: دیاریکردنی ڕەسید لە وەزارەتەکانەوە بۆ پێداویستیە سەرەکییەکان لاببرێت و، چاودێریکردنی کوالێتی و نرخ بکرێتە بنەما.

نۆیەم: ڕێگا بە کێڵگە پەلەوەرییەکان بدرێت خۆیان پێداویستیەکانی خۆیان بەپێی توانای بەرهەمهێنانیان لە دەرەوەو ناوەوەی وڵات دابین بکەن.

دەیەم: پێویستە ئەو بانکە ئەهلییانەی دۆلار بە نرخی فەرمیی لە بانکی ناوەندیی عیراق وەردەگرن، بەپێی مانیفێستی فەرمیی داخڵکردنی کەرەستە خۆراکییە سەرەکییەکان، دۆلار بۆ بازرگانان بە نرخی فەرمیی دابینبکەن.

یانزەیەم: داوا لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بکرێت فەرمانبەری پێویست بۆ فەرمانگاکانی (چاودێری بازرگانی، دابەشکردنی ئارد، دابەشکردنی خۆراک) دابین بکەن و پشتیوانیی دارایی و تەکنیکییان بکەن بۆئەوەی بتوانن بەباشترین شێوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر

پارێزگاری سلێمانی

سەرۆکی ژوری ئۆپراسیۆنەکانی چاودێریی ئابووریی پارێزگای سلێمانی

١٥/ ٣/ ٢٠٢٢

بابەتی پێشتر

خشتەی مووچە گۆڕدرا

بابەتی دواتر

حكومەتی عێراق ناردنی 200 ملیار دینارەكەی پەسەند كرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share