سەرۆکی سەرۆکی حزبی کڵپەی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێزی گەرەنتیکردنە لە نێو هەموو حزبە کوردییەکاندا لە کەرکوک و خاوەنی گەورەترین پێگەی جەماوەری و بەهێزترین ئەزموونی خەباتە لە شارەکەدا.
کاروخ سەید رزگار سەرۆکی سەرۆکی حزبی کڵپەی نیشتیمانیی کوردستان وتارێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگدان لە شاری کەرکوک بڵاوکردووەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
کەرکوک ئەو شارە کوردییەی کە بەردەوام لە هێڵی پێشەوەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندایە “
کەرکوک، ئەو شارە کوردستانییەی سەرۆک مام جەلال لە لای سەرۆک و سەرکردە عەرەبییەکان دەیگوت چەند قودس لەلای ئێوە موقەدەسە ئێمەش کەرکوک لەلامان وەک قودس موقەدەسە
،لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستیی بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی هێزە کوردییەکانە زیاتر لە هەر کاتێکی تر، بەڵام دابەشبوونی دەنگەکان لە نێوان چەندین حزبی بچووکدا، مەترسی گەورەی لەسەر بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمانی و پاراستنی مافی کورد لەو شارە دروستکردووە.
مەترسی سووتانی دەنگەکان
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەوەیە کە ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی رابردوو لە کەرکوک سەلماندوویەتی کە دەنگی حزبە بچووکەکان، بەهۆی کەمییانەوە، بەشی ئەوە ناکات بگاتە ئاستی بەدەستهێنانی کورسی و لە کۆتاییدا بەفیڕۆ دەچن، ئەم دەنگە سووتاوانە، لە راستیدا، دەنگی کورد لەو شارە کەمدەکەنەوە لە پەرلەمانی عێراقدا و رێگە بۆ پێکهاتەکانی تری وەک عەرەب و تورکمان خۆش دەکەن تا کورسیی زیاتر بەدەستبهێنێت.
هەر دەنگێک کە بۆ حزبێکی بچووک بدرێت کە ناتوانێت گەرەنتی کورسی بکات، واتای ئەوەیە کە ئەو دەنگە لە دەست نوێنەرێکی بەهێزی کورد دەردەهێنرێت کە توانای پارێزگاریکردنی لە مافەکانی کەرکوک و کورد هەبێت لە بەغدا.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان: هێزی گەرەنتیکەردنە
لە نێو هەموو حزبە کوردییەکاندا لە کەرکوک، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی.ن.ک) خاوەنی گەورەترین پێگەی جەماوەری و بەهێزترین ئەزموونی خەباتە لە شارەکەدا، یەکێتی هەمیشە وەک هێزی یەکەم و گەرەنتیکەری سەرەکی نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵکی کەرکوک رۆڵی بینیوە.
دەنگدان بە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تاکە رێگەی دڵنیا و کردەییە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەنگەکان بە فیڕۆ ناچن و بە شێوەیەکی کاریگەر دەگۆڕدرێن بۆ کورسی پەرلەمانی.
بەهێزکردنی لیستی یەکێتی، واتای بەهێزکردنی پێگەی کورد و پارێزگاریی کردنە لە ناسنامەی کەرکوک و گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
داواکاری بۆ هاوڵاتیانی کەرکوک
ئەرکی نیشتمانی و هەستیاری ئەم قۆناغە لەسەر شانی هەموو کوردێکی دانیشتووی کەرکوکە. پێویستە لەبەرژەوەندیی گشتی و دوور لە دەمارگیریی حزبیی بچووک، بڕیارێکی ژیرانە بدەن. دەنگەکانتان زۆر بەنرخن و نابێت رێگەبدرێت بە فیڕۆ بچن.
بۆ رێگرتن لە سووتانی دەنگی کورد و گەرەنتیکردنی نوێنەرایەتییەکی بەهێز، داواکارین دەنگەکانتان بخەنە خزمەتی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. چونکە تەنیا یەکێتی دەتوانێت بە هەبوونی پێگەی گەورە و بەهێزی خۆی، زۆرترین کورسی بۆ کورد لەو شارە مسۆگەر بکات و قورسایی سیاسی کورد بپارێزێت.
لەکۆتایدا
“ئێمە وەک حیزبی کڵپەی نیشتمانیی کوردستان، داوا لە ئەندام و لایەنگرانمان دەکەین کە دەنگەکانیان بۆ لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکبخەن دەنگ بدەن بۆ لیستی شەهیدان ٢٢٢ بەهیوای سەرکەوتن بۆ لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان …
کارۆخ سەید ڕزگار
سەرۆکی حزبی کڵپەی نیشتیمانی کوردستان