ڕۆژنامەیەك: هەولێر و بەغداد و ئەنقەرە دەربارەی پرسی پەكەكە لێكنزیكن

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و مستەفا كازمی

سەردانەكەی ئەمدواییەی مستەفا كازمی بۆ توركیا چەند دۆسیەی لەخۆگرتووە بەتایبەت لە هەردوو پرسی ئاو و سنوورەكاندا، ڕۆژنامەیەكیش بڵاویكردوەتەوە، لە پرسی تایبەت بە بوونی پەكەكە لێكنزیكبوونەوەی بۆچوونەكان هەیە لەنێوان هەولێر و بەغداد و ئەنقەرە.

ڕۆژنامەی (عەرەبی جدید) لەسەر زاری بەرپرسێك لە نوسینگەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 21ی كانونی یەكەم بڵاویكردەوە، سەردانەكەی ڕۆژی پێنجشەممەی كازمی بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا چەندین ئەنجامی “گرنگی” لەو دۆسیانەدا لێكەوتووەتەوە كە چەند ساڵێكە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، بەتایبەت لە هەردوو دۆسیەی ئاو و سنوورەكان.

سەردانەكە كە 12 كاتژمێری خایاندووە بەپێی وتەی سەرچاوەكە سێ كۆبوونەوەی لاوەكی نێوان بەرپرسە عێراقییەكان و هاوتا توركییەكانی لێكەوتووەتەوە، بەر لە دیداری نێوان كازمی و ئەردۆغان.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە بەفەرمی ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی وەزاریی بەردوامی نێوان هەردووڵات كراوە تایبەت بە جێبەجێكردنی كۆی ئەوانەی لەمیانەی سەردانەكەدا لێكتێگەیشتن هەبووە لەبارەیانەوە، بەتایبەت پرسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، كە ئەنقەرە داوای كردووە عێراق ڕێككەوتنی شەنگال جێبەجێبكات و چەكدارانی ئەو حزبە لە شارەكە دووربخاتەوە، جگە لە هەنگاوەكانی هەولێر بۆ ڕێگری لە دەستگەیشتنی چەكدارانی پەكەكە بە ناوچەكانی دیكەی هەرێم.

هەروەك هەردوولا تێگەیشتنیان هەبووە لەبارەی ئاوەكانی دیجلە و فورات و توركیاش بەڵێنداوە كە بەشی عێراق لە ڕووبارەكان كەمنەكاتەوە بەتایبەت لە وەرزی هاویندا.

سەرچاوە بەرپرسەكە ئەوەشی ڕوونكردوەتەوە كە پرسی دزەپێكردنی نەوت تاوتوێكراوە لەگەڵ كردنەوەی دەروازەیەكی نوێ لەنێوان هەردوو وڵات لە سێگۆشەی فیشخابور، هاوشانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل. جگە لە ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ هەمواری ڕێككەوتنی ساڵی 2009 تایبەت بە هاتوچۆی هاوڵاتییانی هەردوو وڵات بەبێ وەرگرتنی ڤیزای پێشوەخت.

ڕۆژنامەكە لەسەر زاری سەرچاوەیەكیش لە هەولێرەوە دەڵێت، حكومەتی هەرێم هەنگاوی فەرمی بەرەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستپێكردووە تایبەت بەو گرفتەی لەگەڵ پارتی كرێكاراندا هەیەتی.

دوپاتیشیكردەوە، ئەنقەرە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پشتیوانی هەولێر بۆ سەپاندنی ئاسایش لە ناوچە سنورییەكانی ڕۆژهەڵاتی دهۆك و باكووری هەولێر و سنووردانان بۆ هێزی چەكدارانی پەكەكە، ئەمەش یەكەم لێكنزیكبوونەوەی نێوان هەولێر و بەغداد و ئەنقەرەیە لە پرسی پەكەكەدا، وەك ئەوەی سەرچاوەكە ئاماژەی پێداوە.

لەو چوارچێوەیەدا موختار موسەوی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، پەرلەمان بانگێشتی كازمی دەكات بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامی سەردانەكەی بۆ ئەنقەرە، بەتایبەت لە دۆسییە بەپەلەكاندا كە هەمووان چاوەڕوانین.

وتیشی، لە ئەندامانی شاندە یاوەرەكەی كازمییەوە بیستومانە كە سەردانەكە “سەركەوتووە بووە”.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی پەسەندكرد

بابەتی دواتر

سەدڕ داوایەك ئاڕاستەی بازرگانان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share