قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، داوام لە هەڤاڵان کرد کە لەگەڵ گەنجان بکەونە گفتوگۆوە، چونکە یەکێتی حزبی گەنجانە، دیدگای گەنجان دیدگای یەکێتیشە.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، گەنجان بیریان تیژە، زۆر قوڵتر و دوورتر دەڕوانن، ئەگەر کێشەی مووچە و بودجە هەیە، ئەگەر کێشەی دامەزراندن و کێشەی بێکاری هەیە، ئەگەر کێشەی نادادپەروەری و کێشەی جیاوازیکردن لەنێوان خەڵکدا هەیە، گەنجان زۆرباش دەزانن سەرچاوەی ئەو کێشانە چین و کێ دروستیکردوون.
باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی سێکتەری گەنجانی پارێزگای هەولێر، ئاماژەم بەوەدا گەنجان زۆرباش دەزانن کام لایەن کێشەخوڵقێنە و کام لایەنیش دەتوانێت کێشەکان چارەسەربکات.
وتیشی، هەروەها زۆرباش دەزانن کام لایەن بە بیری و رۆحییەتی گەنجانەوە کار دەکات و لە خەمی داهاتووی گەنجاندایە، بۆیە داوام لە هەڤاڵان کرد تاوەکو دەرفەت ماوە لەگەڵ هەموو ئەو گەنجانە بکەونە گفتوگۆوە کە هێشتا بڕیاریان نەداوە بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن و هانیانبدەن بۆ بەشداریکردن و دەنگدان بە یەکێتی، چونکە یەکێتی حزبی گەنجانە، دیدگای گەنجان دیدگای یەکێتییە.