ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، مۆسکۆ لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا و پشتیوانیی سەرکردایەتیی وڵاتەکە دەکات لە پاراستنی سەروەرییەکەی.
زاخارۆڤا ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوەکردەوە، روسیا ئامادەیە وەڵامی گونجاوی داواکارییەکانی سەرکردایەتیی ڤەنزوێلا بداتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڕەشانەی لەسەر وڵاتەکە هەن.
وتیشی، بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا و بۆ پاراستنی سەروەرییەکەیشی، هەوڵی خۆیان دەدەن.
لەم دواییانەدا، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا پەرەیسەند، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنجامدانی چەند ئۆپراسیۆنێک بەمەبەستی “کۆتاییهێنان بە بەقاچاغبردنی ماددەی هۆشبەر” لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا، هەڵکرد.
لە ماوەی رابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشیان لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا ئەنجامداوە و چەندین بەلەمیان کردووەتەئامانج کە بە وتەی خۆیان، “مادەی هۆشبەریان بەقاچاغبردووە” و لە ئەنجامدا تاوەکو ئێستا 27 کەس گیانیان لەدەستداوە.