قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، یەکێتی خاوەنی بەڵێنی خۆیەتی و هەمووان دڵنیا دەکەینەوە کە رۆژێک پەشیمان نابنەوە لە دەنگدان بەم یەکێتیەی ئێستا.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، “یەکێتی و سەرۆکەکەی بەوە دەناسرێنەوە کە خاوەنی بەڵێنی خۆیانن و هەر بەڵێنێک بدەن جێبەجێیدەکەن، بەڵێنماندا کار دەکەین کە بەغداد دان بە پارێزگای هەڵەبجەدا بنێت و کردمان، بەڵێنماندا رێگەنادەین بە یاسا کۆنەکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کردمان، بەڵێنماندا پارێزگارێکی کوردی خزمەتگوزار بۆ کەرکوک دادەنێین و کردمان، بەڵێنماندا هاوسەنگیی هێز دەگەڕێنینەوە و کردمان. بەڵێنماندا حکومەتی هەرێم پێكنایەت بەبێ هاوبەشیی راستەقینە و بەبێ ئەوەی دڵنیابین کە حکومەتێکی دادپەروەر و خزمەتگوزار دەبێت، تا ئێستا لەسەر ئەو بەڵێنە ماوین”.
وتیشی، “لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی چۆمان و حاجی ئۆمەران, جەختمکردەوە کە هەرچی دەنگی ناڕازییە لە راستیدا دەنگی رەسەنی یەکێتییە. داوام لە هەڤاڵان کرد لەم ماوەیەدا پەیوەندیی بە یەک بە یەکی خەڵکی ناڕازییەوە بکەن و قەناعەتییان پێ بهێنن کە یەکێتی خاوەنی بەڵێنی خۆیەتی و دڵنیایانبکەنەوە کە یەکێتی لە بەغداد بەڵێنەکانی جێبەجێدەکات، دڵنیایانبکەنەوە کە رۆژێک لە رۆژان پەشیمان نابنەوە لە دەنگدان بەم یەکێتییەی ئێستا”.