پلانی فۆنت.. کۆکردنەوەی “لیستی بێبەرانبەرەکان” بۆ ڕزگارکردنی بەرشلۆنە

ڤیکتۆر فۆند، کندیدی سەرۆکایەتی بەرشلۆنە هەوڵی کۆکردنەوەی یاریزانە بێبەرانبەرەکان دەدات

ڤیکتۆر فۆنت، یەکێک لە سێ کاندیدە سەرەکییەکە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە بەهۆی خراپی بارودۆخی دارایی یانە کەتەلۆنیەکەوە هەوڵی کۆکردنەوەی یاریزانە بێبەرانبەرەکان دەدات.

یانەی بەرشلۆنە سەرەڕای ئەوەی خاوەنی زۆرترین داهاتە لەنێو سەرجەم یانە گەورەکانی ئەوروپا، بەڵام بەهۆی قەرزە کەڵەکەبووەکان و زیانە داراییەکانی سەردەمی کۆرۆناوە کەوتووتە بەر گێژاوی مایەپوچبوون، بۆیە زۆرینەی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی یانە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێن بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.

ڕۆژنامەی مارکا ئاشکرایکردووە، کە ڤیکتۆر فۆنتی ڕکابەری خوان لاپۆرتا و تۆنی فریکسا دەستی بە پڕۆسەی کۆکردنەوەی ئەستێرە بێبەرانبەرەکان کردووە و بۆ چرکەیەکیش لەگەڵ ستافەکەی حەوانەوەیان وەرنەگرتووە، بەڵکو لەگەڵ سێرجیۆ ئوگێرۆ، ئیریک گارسیا، مێمفس دیپای، هاکان چالهانوگلۆ، داڤید ئالابا، خوان بێرنات، جۆرجینیۆ ڤایناڵدوم، ڕوی سیلڤا دانوستاندنیان کردووە.

بەپێی سەرچاوەکە، فۆنت و هیچ کاندیدێکی دیکە ناتوانن لە میرکاتۆی هاوینی 2021 یاریزانی گرانبەها و زەنگۆڵەدار دابینبکەن، لێرەوە ناچاربوون بەدوای چارەسەرێکی دیکەدا بگەڕێن بۆ دەربازبوون لە کێشە هونەرییەکان، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو یاریزانانەیان کردووەتە ئامانج کە لە هاوین بۆندەکانیان کۆتاییدێت و هێشتا تەمەنیان ڕێگەی ئەوەیان پێدەدات بەدرێسی ئازولگراناوە بگەن بە ترۆپکی تواناکانیان.

لەم ڕێگەیەوە فۆنت دوو ئامانجی گەورە دەپێکێت، یەکەمیان چارەسەرکردنی کەلێنە هونەریەکانە لە پێکهاتەی ڕۆناڵد کومان، دووەمیشیان خۆپاراستنە لە بەکارخستنی پارەی خەیاڵی و بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەکارخستن و زیانەکان.

ئەوەی نەزانراوە، پلانی لاپۆرتا و فریکسایە لەبارەی گواستنەوەکانەوە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە دوو کاندیدەکەی تریش ناچاری پلانێکی هاوشێوە دەبن و لەم ڕووەوە فۆنت پێشیان کەوتووە.

بابەتی پێشتر

توشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم 106 هەزاری تێپەڕاند

بابەتی دواتر

ڕۆناڵدۆی دیاردە: لە پێناو ئەم دەستکەوتەدا ئامادەم پەنجەی خۆم ببڕم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share