پۆلیسی ئۆستن لە ویلایەتی تەکساس، دۆزینەوەی چەند بۆمبێکی لەناو ئۆتۆمبێلێکی تێسلادا راگەیاند.
میدیاکانی ئەمریکا باسلەوەدەکەن، خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بازرگانێکی نزیک لە ئێڵۆن مەسکە، کە خۆی خاوەنی کۆمپانیای تێسلایە.
پۆلیسی ئۆستن دەڵێت، پاش ئاگادارکردنەوەیان لە بوونی بۆمب لەناو ئەو ئۆتۆمبێلە، شارەزایانی بۆمب لەکاتی پشکنیندا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە مەترسیی تەقینەوەی لەسەرە و راستەوخۆ پوچەڵیان کردووەتەوە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بەهۆی بۆمبەکانەوە نییە و لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن.
ئێڵۆن مەسک، بەهۆی پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و وەرگرتنی پۆستی وەزیری وەزارەتی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە و بەشێکی هاوڵاتییانی ئەمریکا، ناڕازین لەوەی مەسک تێکەڵی سیاسەت بووە.
بەم پاساوەش، بەشێکی هاوڵاتییانی ناڕازیی ئەمریکا، لە چەند شوێنێک هێرشیانکردووەتە سەر هەر ئۆتۆمبێلێکی تێسلا کە بینیبێتیان، لەبەر ئەم هۆکارانەش، ئەو کەسانەی ئەو ئۆتۆمبێلەیان هەیە، لۆگۆی تێسلا دەشارنەوە و لۆگۆی براندی تری ئۆتۆمبێلی وەک (مازدا، ئۆدی، تۆیۆتا و کیا) لە شوێنی دادەنێن.
بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) گومانی هەیە ئەم بۆمبانەش، پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە.