بەشی هەڵسەنگاندن و چاودێریی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامی وتەکانی هێمن هەورامی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، “قسەکانی نوکتەی سیاسیین و حسابی لەسەر نییە”.
لە راگەیەندراوێکی بەشی هەڵسەنگاندن و چاودێریی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیدا هاتووە، “هێمن هەورامی دەیەوێت بەو قسانە تەنیا دڵی خۆی خۆشبکات، ئەگینا خۆی باش دەزانێت، کە هیچ کەسێک نەک بڕوا بەقسەکانی ناکات، بەڵکو هاوشێوەی قسەکانی دیکەی تەنیا وەک نوکتەی سیاسی گوێی لێدەگرن، پاشان بۆ ناو ئەرشیفی نوکتە سیاسییەکان هەڵدەگیرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “بۆ ئێمەش دەرفەتێکە کە لەڕێگەی نوکتە تازەکەیەوە جارێکی دیکە گوێبیستی نوکتەکەی پێشووی ببین، کاتێک لەسەر شاشەی کەناڵێکی ئاسمانییەوە دەستی بۆ وڵاتە هەرێمییەکان رادەکێشا و هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەگەر هێزەکانی وڵاتانی هەرێمی یەک بست، تەنها یەک بست بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە سەریان پاندەکەینەوە، بۆیە خەڵکی کوردستان راهاتوون لەگەڵ هەڕەشە ناجددی و نوکتە سیاسییەکانی هێمن هەورامی، لەبەر ئەوە پێویستناکات وەڵامی ئەو جۆرە قسانە بدەینەوە کە بەلای ئێمەوە هیچ حسابێکی لەسەر نییە و تەنها بۆ خۆشی گوێی لێدەگرین”.