جۆری پێنجەمی شەکرە یەکێکە لە جۆرەکانی نەخۆشی شەکرە، کە لەرووی نیشانەوە بەشێک لە نیشانەکانی جۆری یەکەم و دووەمی هەیە، بەڵام لەرووی هۆکاری تووشبوونەوە جیاوازە لەو دوو جۆرە.
هەستکردن بە بوونی ئەم جۆرەی شەکرە نوێ نییە، بەڵام پشتڕاستکردنەوەی بۆ توێژینەوەیەکی ئەم دواییانە کە لە ئەفریقا ئەنجامدراوە دواکەوتووە.
بە وتەی شارەزایانی بواری پزیشکی ئەم جۆرەی نەخۆشی شەکرە، هەمان نیشانەی لە بەرزبوونەوەی رێژەی شەکر هەیە، بەڵام ئەوەی جیای دەکاتەوە ئەوەیە ئەم جۆرە پەیوەندی بە بوونی بەدخۆراکی لە تەمەنی منداڵیدا هەیە.
شارەزایانی بواری پزیشکی دەڵێن، “بەدخۆراکی ماوەدرێژ لە تەمەنی منداڵیدا دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئەو خانانەی کە ئەنسۆلین لە پەنکریاسدا بەرهەمدەهێنن”.
بەهۆی هەژاری و کەمی خۆراک، ئەم جۆرەی شەکرە لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا بەربڵاوە.
توێژەران جەختدەکەنەوە، ئەم توێژینەوە دەرگا بەرووی چەندین توێژینەوەی دیکە لەبارەی نەخۆشی شەکرە دەکاتەوە، پزیشکان زیاتر هۆشداردەکاتەوە لە جۆری ئەو چارەسەرییانەی بۆ نەخۆشەکانی بەکاردەهێنن.