سەرۆکی پەیوەندییەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکی رایگەیاند، “دڵخۆشین کە جارێکی دیکە و بەم نزیکانە، هێڵی سلێمانیمان دەستپێدەکاتەوە”.
یەحیا ئوستوون، سەرۆکی پەیوەندییەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هەفتانە حەوت گەشتی بەردەوامیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەبێت و ئامانجیان ئەوەیە بەو گەشتانە، بەشداربن لە زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی، کەلتووری و گەشتیارییەکانی تورکیا و عێراق.
هەڵگرتنی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەدوای ئەوە دێت، سلێمانی رۆڵی ئەرێنیی لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیادا بینیوە؛ نزیکترین نمونەش، پرۆسەی چەکدانان لەلایەن گرووپێک لە ئەندامانی پەکەکە لە سنووری سلێمانی، بوو. ئەوەش هەنگاوێکی گرنگبوو و پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا بەرەوپێشەوە برد کە دەسەڵاتی سلێمانی، رۆڵێکی گرنگی تێدا هەبوو..
هاوکات لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، هەوڵەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەو بوارەدا و بە ئاراستەی پشتیوانیکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکان، رۆڵی هەبووە لەسەر بڕیارەکەی تورکیا بۆ هەڵگرتنی سزاکان.