“چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران کاری لەپێشینەی بایدن دەبێت”

جه‌یك سۆڵیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، “چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، کاری لەپێشینەی ئیدارەی سەرۆك بایدن دەبێت.”

ئەو وتەیەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا بوون كە ئەمڕۆ هەینی 29ی كانونی دووەم لە واشنتن بۆ میدیاكان قسەیكرد و وتی، “یەکێک لە كارە لەپێشینەکانی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن، مامەڵەکردنە لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئێستا تاران لە بەدەستخستنی کەرەستەکانی چەكی ئەتۆمی نزیكبووەتەوە.”

بەدەر لە دۆسیەی ئەتۆمی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا باسی لە فراوانخوازییەكانی ئێران كرد و ڕایگەیاند، “ساڵانێكە سەرکێشییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا و بەکارهێنانی گرووپە چەکدارەكان لەلایەن ئەو وڵاتەوە، بوونەتە جێگەی نیگەرانی و ترسی وڵاتانی ناوچەکە.”

جه‌یك سۆڵیڤان باسی لەوەش كرد كە “ئەگەر لەڕێگەی دیپلۆماتییەوە بتوانرێت چالاكییەكانی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران سنووردار بکرێن، ئەوا دەتوانرێت لە بوارەکانی تریشدا بەرەنگاری هەڕەشەکانی ئێران ببنەوە.”

سێشەممەی ڕابردوو، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ڕوسیا هیوادارە بە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ کارکردنی هاوبەش لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و ئەوەش مەرجی ئێرانە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، دوای گفتوگۆكردنی لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی، ” ئێمە یەک هەڵوێستمان هەیە، ئێمە گرنگی بە پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە دەدەین، لەو باوەڕەداین ئەوە ڕێگایەکە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ئەگەر لەلایەن سەرجەم لایەنەکانی ئەو ڕێککەوتنەوە جێبەجێ بکرێت.”

لە نوێترین پێشهاتیشدا سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، دوێنێ پێنجشەممە محەمەد جەواد قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێران ڕایگەیاند، “لە وێستگەی فۆردۆ بڕی 17 کیلۆگرام یۆرانیۆم بەڕێژەی %20 لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا پیتێندراوە.”

بابەتی پێشتر

چین هەڕەشە لە تایوان دەكات: سەربەخۆیی واتە جەنگ

بابەتی دواتر

"کۆتایی هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجە ئامادەدەبێت بۆ دەنگدان"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share