بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی کوشتنی ژنێک، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێزەکانمان لە رووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی کارێزەوشکی شاری سلێمانی ئاگادارکرانەوە، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لەلایەن تیمەکانی بەڵگەی تاوان، کەشف و هێڵکاریی بۆ شوێنی تاوانەکە ئەنجامدرا و دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکرد، توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنەوە دەستگیربکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دەرکەوت کە ژنەکە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و هۆکاری رووداوەکە، دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی خێزانی.
دەشڵێت، لەئێستادا تۆمەتبار (س، ف، ح) لەدایکبووی 1996 بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادان راگیراوە و لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کوشتن، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە رێکخراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.