بە رەسمیی و لەڕێگەی وتارێکی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکێتی هەڵمەتی بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێکرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وتارێکی ڤیدیۆیی ئاڕاستەی تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، لە وتارەکەدا چەندین پرس و بابەتی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیی خستەبەرباس، هەروەها لەڕێگەی ئەو وتارەوە بە رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستیکرد بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە بەشێکی وتارەکەدا پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هێنایە بەرباس و وتی، “تاوەکو نەگەمە ئەو باوەڕەی کە لە کارنامەی کارەکانی حکومەتدا خواستی هاوڵاتییان جێی کراوەتەوە و بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی پێشووی تێدا جێبەجێکراوە، پێکهێنانی حکومەت دوادەکەوێت”.
سەرۆکی یەکێتی سوپاسی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، “لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی دەنگدان لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق زیاتر بووە، لە هەڵبژاردنی پێشوو دەنگەکانی یەکێتی بە ڕێژەی 93٪ زیادیکرد، ئەمەش واتە ئەو بارە دەکەوێتە سەرشانمان کە خزمەتێکی زیاتری خەڵک بکەین”.
لەبارەی نوێبوونەوەی یەکێتی و گۆڕانکارییەکانی ناو حزبەکەشەوە وتی، “یەکێتی ئێستا زۆر جیاوازە لە یەکێتییەکەی پێشتر، یەکێتی ئێستا لەسەر ڕێبازەکەی سەرۆک مام جەلال دەڕوات”.
بەشێکی دیکەی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاڕاستەی گەنجانە، بەتایبەت ئەوانەی یەکەمجارە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ دەدەن و بەشداری پرۆسەی دیموکراسی دەکەن، لەوبارەیەوە وتیشی، “گەنجان نابێت دەنگ بە لایەنێکی کلاسیکی بدەن، دەبێت گەنجان دەنگ بە حزبێک بدەن کە نوێبووەتەوە، یەکێتی بەشێکە لە گەنجان و لە خەڵک”.