بڕیارە ئەمڕۆ سعودییە، روسیا و شەش وڵاتی دیکەی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک کە بە کۆمەڵەی ڤی.8 ناسراون، کۆبوونەوەیەکی گرنگ و چارەنووسساز لەبارەی بڕی خستنەڕووی نەوت بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەنجامدەدەن.
کەناڵی فڕانس24 راپۆرتێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کۆمەڵەی ڤی.8 بڵاوکردووەتەوە تیایدا هاتووە، “نیگەرانییەکی زۆر هەیە لەبارەی ئەوەی کە کۆمەڵەکە بەنیازە ئەمڕۆ تاوەکو چ بڕێک نەوت زیادبکات، ئەمەش پاش ئەوەدێت کە پێشبینییەکان بەو ئاڕاستەیەدان کۆمەڵەکە رێکبکەون بڕی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیادبکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەندامانی رێکخراوی ئۆپێک لە بەیاننامەیەکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو راپۆرتانەیان کرد کە زانیاریی ناراست و هەڵەیان لەبارەی بڕی زیادکردنی نەوتی رۆژانەوە بڵاوکردبوویەوە و دۆخێکی ناسەقامگیرییان بۆ نرخی نەوت دروستکردبوو”.
ئەوەشی خستەڕوو، “سعودییە و روسیا لە مانگی چواری ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتییان زیادکردووە، پەیڕەویکردنی ئەم ستراتیجییەش لەپێناوی ئەوەدایە کە ئۆپێک کۆنتڕۆڵی بازاڕی نەوت بکاتەوە، هەروەها بوار بۆ ئەمریکا و بەرازیل نەهێڵنەوە کە رکابەری لە بازاڕی نەوتدا بکەن”.
رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 64 دۆلار و 35 سەنتدا جێگیربوو و هەشت هەفتەیە لەسەریەک بەردەوام دابەزین تۆماردەکات، بۆیە بازاڕی وزە چاوەڕێی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیە.