دۆناڵد ترەمپ، تۆنی بلێری وەک بەڕێوەبەری ‘دەسەڵاتی راگوزەر’ لە غەززە دیاریکرد، ئەگەر ئیسرائیل و حەماس بگەنە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان.
کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی بڵاویکردەوە، پاش بڵاوکردنەوەی پلانە 20 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، لە خاڵێکی پلانەکەدا هاتووە ئەگەر کۆتایی بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس هات، غەززە دەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتێکی کاتیی و راگوزەرەوە، بەڕێوەبەری ئەو دەسەڵاتەش تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا دەبێت.
لەوبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، “کەسانێکی دیار لە ناو ‘دەستەی ئاشتی’دا دەبن، یەکێک لەوانە تۆنی بلێر دەبێت، پیاوێکی زۆرباشە، ئەندامانی دیکەی دەستەکەش کەسانی دیار و باشن”.
لەبارەی دەستەی ئاشتییەوە ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، “ناوی ئەندامەکانی دیکەی ‘دەستەی ئاشتی’ لە رۆژانی ئایندەدا ئاشکرا دەکرێن”.