دەزگای ئاسایشی هەرێم، رایگەیاند، بکوژی ئەکبەری حاجی رۆستەم دەستگیرکرا.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، بڵاویکردەوە، 22ی ئەیلولی 2025 لەگوندی ئۆمەربلی قەزای کفری هاوڵاتی (ئەکبەری حاجی رۆستەم) دەکوژرێت، دوای رووداوەکە دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردیان دەستپێکرد و دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت بکوژ چووەتە باخی قوربانییەکە و چاوەڕوانی کردووە و دوای گەیشتنی (ئەکبەری حاجی رۆستەم) بەفیشەکێکی چەکی جۆری دەمانچە دەیکوژێت و دواتر بکوژ ئۆتۆمبێل و مۆبایلی کوژراو دەبات و لە شوێنی تاوان هەڵدێت.
دەشڵێت، بکوژ لەڕێگەی ناحیەی سلێمان بەگ دەچێتە بەغداد و لەناوچەی دۆرە لەماڵێک خۆی حەشار دەدات، دواتر توانرا لە 23ی ئەیلولی 2025 لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و بەهەماهەنگی و زانياریى دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیر بکرێت.
ئاسایشی هەرێم دەڵێت، تۆمەتبار بەڕەگەز عەرەبە و تەمەنی 22 ساڵە ناوی (عەبدولعەزیز جاسم مەحمود)ە، دوای رادەستکردنی و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان لەدەزگای ئاسایشی هەرێم دانی بەتاوانەکەیدا ناوە.
ئاماژە بەوەشدەکات، ئێستا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بە ماددەی 406 لەیاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەردەوامە.
دەزگای ئاسایش ڤیدیۆی دانپێدانانی بکوژەکەی بڵاوکردووەتەوە دەتوانن لەڕێگەی ئەم لینکەوە بینەریبن.