سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ رێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، رێککەوتنەکە بەشێوەیەکە کە وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوەی دەکات.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ‘ئێکس’ رایگەیاند، “ئەمڕۆ گەیشتینە رێککەوتنێکی مێژوویی، بەپێی رێککەوتنەکە وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق، نەوتی خاوی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لەڕێگەی بۆری عێراق- تورکیاوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت”.
باسی لەوەشکرد، “دڵنیایی دەدەین لە دابەشکردنی سەروەت و سامانەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە و جۆرایەتیکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن و پشتیوانیکردنی وەبەرهێنان”.
وتیشی، “رێککەوتنەکە دەستکەوتێکە 18 ساڵە چاوەڕێمان دەکرد”.